بارەگای بارزانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاو کردەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چۆنێتی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا تاوتوێ کردووە.

بارەگای بارزانی لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.

ھەواڵی زیاتر