ڕاگەیێنراوێکی خێرا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەپێی مادەی 140 دەستوری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.

چ پێش ئەم رێکەوتە، چ لەو 20 ساڵەی رابردوو، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.

ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایەنە نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات.

بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایەنە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.

هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشتر دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن.

هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانەی پێشتر دۆزراونەتەوە (کۆنەکان) رێکبکەوێت.

حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیارێتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە.

ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.

حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.

ھەواڵی زیاتر