دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێکردووە، بۆ ئەو شەڕە حکومەتی ئەرمینیا هەڵمەتی بەسەربازکردنی گەنجانی راگەیاندووە و وڵاتانیش بۆ نێوەندگیری و لایەنگری دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە.
لەوە بارەوە وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە شەڕ دژی سوپای ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ دەستیپێکردووەتەوە، هاوکات پەرلەمانی ئازەربایجان بڕیاری راگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرانسەری وڵات پەسندکرد.
شەڕەکە لەسەر هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ-ە، تا ئێستا 16 سەرباز و ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی لە هەردوولا کوژراون، لەدوای ساڵی 2016ەوە، ئەمە یەکەمجارە شەڕی ئاوا توند لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا ڕووبدات.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند “سیاسەتی ئێران نەگۆڕاوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە باوەڕمان بە گفتوگۆی دوولایەنەیە و ئێران ئامادەیە بۆ نێوەندگیری”.
هەروەها چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا داوای ئاگربەستی دەستەبجێ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆدەکات.
فەرەنساش پەیامی خۆی لەو بارەیەوە هەیە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و دەستپێکردنی گفتوگۆی لە هەردوولایەنی شەڕەکە کرد و وتیشی”نیگەرانین لەبارەی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان”.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ “داوا لە هەردوو لایەنەکە دەکەم کە گرژییەکانی نێوانیان رابگرن، بەتایبەتی بۆردوومانکردنی گوند و ناوچەکان”، چونکە بەپێی راپۆرتەکان کەسی سڤیل بووەتە قوربانی.
بەڵام تورکیا ناتوانێت بێلایەنی خۆی نیشانبدات و بە ئاشکرا پاڵپشتی لایەنێک دەکات، ئەردۆغان لە پەیامێکیدا دەڵێ”خەڵکی تورکیا وەک هەمیشە پاڵپشتی لە برا ئازەربایجانییەکان دەکات، چونکە ئەرمینیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە”.
لە ساڵی 1990ـەوە و بە دیاریکراوی دوای هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت لە 1991، ئەرمینیا هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباغی داگیرکردن، کە هەرێمێکی سەر بە ئازەربایجانە و لەو شەڕەدا زیاتر لە 30هەزار کەس کوژران، دواتریش وەکو هەرێمی سەربەخۆ ناساندی.
لە ساڵی 1994 و بەنێوەندگیریی چەند وڵاتێک ئاگربەست لەنێوان هەردوولا راگەیەنرا، بەڵام گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوون و هەردوولاش یەکتر بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.