وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، 5 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک، ئەگەر زانیاری بدات لەسەر سەرکردەیەکی مافیای ماددەی هۆشبەر و چەک.
ئەو سەرکردە مافیایە ناوی دیلڤەر فیلیگاس پاڵۆمینۆیە، بەتۆمەتی ‘تیرۆر، ماددەی هۆشبەر و فرۆشتنی کۆکایین لەسەر ئاستی جیهان تۆمەتبارکراوە.
رۆژنامەی ‘دەیلی مەیل’ی بریتانی نووسیویەتی، فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە دادگایەکی ناوچەی باشووری ویلایەتی تێکساس دەرچووە. زانیارییەکان دەریانخستووە پاڵۆمینۆ، تێوەگلاوە لە چالاکییەکانی بەقاچاخبردنی هۆشبەر لە ناوچەی کاتاتومبۆی کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا.
ئەو مافیایە، تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە، سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی ‘سوپای رزگاریخوازی نیشتمانی’ کۆڵۆمبییە. ئەو سوپایە لەلایەن هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، کۆڵۆمبیا، کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤێنزوێلا و کەنەداوە، خراوەتە لیستی ڕەشی تیرۆرەوە.