دوو بەرپرسی ئەمریکی دەڵێن” ئێران پیلانی کوشتنی باڵیۆزی ئەمریکای لە ئەفریقای باشوور داڕشتووە و ئەگەر کارێکی وا بکات، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان واشنتن و تاران بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە نایانەوێ ناویان ئاشکرابکرێت، لە زانیارییەکانیشیاندا پشتیان بە چەند راپۆرتێکی هەواڵگری بەستووە، یەکەمیان لەنزیکەوە کار لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە دەکات و ئەوی تریان تەنیا ڕاپۆرتەکانی خوێندووەتەوە.
ئەوا دەڵێن” ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تۆڵەی قاسم سولەیمانی لە ترەمپ بکاتەوە”.
باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور ناوی لانا مارکس-ە، لەوە ئاگادارکراوەتە کە لە بەهاری ئەمساڵەوە پیلانی تیرۆرکردنی لە ئارادایە، دەڵێن باڵیۆزخانەی ئێران لە پریتۆریا دەستی لەنێو ئەو پیلانگێڕییەدا هەیە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، بەئامانجکردنی لانا مارکس یەکێکە لەو بژاردانەی ئێران دەیەوێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بەکاریبێنێت.
لانا مارکس، کەسێکی نزیکی ترەمپە و تەمەنی 66 ساڵە، لە 2019ەوە کراوە بە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور، هەر لەو وڵاتەش لەدایکبووە .