تاران هێزی دەریایی و ئاسمانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای خستە لیستی “تیرۆر”ەوە


وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناساندنی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک “تیرۆریست”، بڕیاری “کاردانەوەی هاوتا”ی ڕاگەیاند و هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتانی ئەوروپای خستە لیستی تیرۆرەوە.

 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: لە وەڵامی بڕیارە “نایاسایی و نادروستەکەی” وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کە ڕۆژی ١٩ی شوبات دراوە بۆ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، تاران بڕیاری داوە تەواوی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەک “ڕێکخراوی تیرۆریستی” بناسێنێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای پاسداران یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هێزە چەکدارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بڕیارەکەی ئەوروپا بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لەقەڵەم دراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوەی تاران پشتئەستوورە بە “یاسای کاردانەوەی هاوتا بەرامبەر ناساندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاوە” کە لە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کراوە. بەپێی ماددەی ٤ی ئەو یاسایە، ئێران مافی خۆیەتی هەمان ڕێکار بەرامبەر ئەو وڵات و لایەنانە بگرێتە بەر کە هێزە فەرمییەکانی ئێران دەخەنە لیستی تیرۆرەوە.

ئەم بڕیارە گرژییەکانی نێوان تاران و برۆکسل دەباتە قۆناغێکی نوێوە و وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ فشارە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوروپا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەبینرێت.

ھەواڵی زیاتر