لەگەڵ چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات و ماوەی تەنها 15 ڕۆژ بۆ ئێران دیاری دەکات تاوەکو بگەنە ڕێککەوتن.
ئەمڕۆ هەینی 2026/02/20، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران کاتێکی زۆر کەمی لەبەردەستە، وڵاتەکە 15 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەن. ترەمپ دەڵێت: “یان دەگەینە ڕێککەوتن، یان بارودۆخەکە بۆ ئێران ناخۆش دەبێت.”
ئەگەری هێرشی سەربازی:
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ، بە جددی بیر لە بژاردەی “هێرشی سەربازیی سنووردار” بۆ سەر ئێرانییەکان دەکاتەوە، هەرچەندە تا ئێستا وردەکاری زیاتر دەربارەی جۆر و کاتی هێرشەکە نەخراوەتەڕوو.
شکستی دیپلۆماسی:
ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژانی ڕابردوو دوو گەڕی دانوستان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوەچوو، بەڵام ئاماژەکان وا دەردەخەن کە نەیانتوانیوە بگەنە خاڵێکی هاوبەش، چاودێران پێیان وایە ئەگەری شکستی یەکجاریی دیپلۆماسی زۆرە، ئەمەش ناوچەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی جدییەوە.