ئیدارەی ترەمپ لەسەر پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە دوو بەرە
بەرپرسانی باڵای واشنتن و کۆنگرێس لەسەر شێوازی پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بوونەتە دوو بەرە و هەریەکەیان تێگەیشتنیکی جیاوازیان هەیە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند: “خراپترین شت ئەوەیە دەستبەرداری کورد ببین؛ ئەگەر شتێکی خراپیان بەسەر بێت، زۆر قورس دەبێت لە داهاتوودا هاوپەیمانی نوێ بدۆزینەوە، بۆیە پڕۆژەیەک بۆ سزادانی هەر حکومەتێک پێشکەش دەکەم کە هێرش بکاتە سەر کوردانی سووریا.”
بەپێی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێستا لەناو ئیدارەی ترەمپ دوو تێڕوانینی جیاواز هەیە؛ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، پاڵپشتیی ئەوە دەکات تەواوی خاکی وڵاتەکە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک کۆنگرێسمان و بەرپرسی ئەمنیی وڵاتەکە، جەخت لە بەردەوامیی پشتگیریی هەسەدە دەکەنەوە.
ئەم دابەشبوونە دوای ئەوە هات کە دیمەشق هۆشدارییەکانی ئەمریکای پشتگوێ خست و پەڕییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەوەش ڕێک دوای ئەوەی هەسەدە وەک نیشانەی نیازپاکی و بە گەرەنتیی تۆم باراک لەو ناوچانە پاشەکشەی کردبوو.
سەرکەوتنی پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا بەشێکی زۆری بۆ گۆڕانی وەلائی هۆزە عەرەبەکانی ڕەققە و دێرەزوور دەگەڕێتەوە کە دژی هەسەدە وەستانەوە، هاوكات هەڵاتنی سەدان چەکداری داعش لە زیندانەکان نیگەرانیی لای بەرپرسانی واشنتن دروست کردووە کە ڕەنگە جارێکی دیکە تێرۆر سەرهەڵبداتەوە