دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لیستی قەدەغەی گەشتی بۆ وڵاتان نوێکردەوە و پێنج وڵاتی دیکەی خستە لیستی ڕەشەوە، دووان لەوان سووریا و بەڵگەنامەی گەشتیی فەلەستینن.
سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی نوێی واژۆ کرد، لە فەرمانەکەدا بە پاساوی”پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی”، ڕێکارەکانی هاتنە ناوەوە بۆ ئەمەریکا توندتر دەکاتەوە. هاوکات بازنەی قەدەغەکردنی گەشتی بۆ زیاتر لە 30 وڵات فراوان کرد.
لەمبارەیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەم کارە بۆ پاراستنی ئاسیشی ئەمریکا و سنووردارکردنی کۆچ کراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، قەدەغەی تەواوەتی هاتنە ناوەوە بۆ هاووڵاتییانی 19 وڵات و ئەو کەسانەش دەرچووە کە هەڵگری بەڵگەنامەی گەشتیی فەڵەستینن.
وردەکاریی لیستەکە:
قەدەغەی تەواوەتی (لیستی نوێ و کۆن)
لە فەرمانەکەدا پێنج وڵاتی نوێ زیاد کراون کە بریتین لە: (سووریا، مالی، نەیجەر، بۆرکینا فاسۆ و باشووری سوودان)، هاوکات سنووردارکردنی هەردوو وڵاتی لاوس و سیرالیۆن گۆڕدراوە بۆ قەدەغەی تەواوەتی.
ئەم وڵاتانە دەچنە پاڵ لیستی 12 وڵاتەکەی پێشوو کە بریتین لە: (ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، سۆماڵ، سوودان، لیبیا، بۆرما، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا ئیستوائی، ئێرتریا و هایتی).
جگە لە قەدەغەی تەواو، لیستێکی دیکە ڕاگەیەندراوە و 15 وڵاتی نوێی بۆ زیاد کراوە، لەوانە: (نەیجیریا، سەنیگال، ئەنگۆلا، تەنزانیا، زیمبابۆی، بەنین، کینیا (کۆتدیڤوار)، مۆریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە). ئەمەش دەچێتە سەر لیستی وڵاتانی پێشوو کە سنووردارکردنیان لەسەر بوو وەک: (کوبا، ڤەنزوێلا، تۆگۆ و بوروندی).