ترەمپ هەڕەشە لە گرووپە چەکدارەکان دەکات

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران ڕایدەگەیێنێت، ئێستا ناتوانێت بڕیار بدات.

ڕاشیگەیاند گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و ناوچەکە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریکا و دەبێت ڕابگیرێن.

تا دێت جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران فراوانتر دەبێت، ئەمریکا لە هەوڵی دامرکاندنەوەی جەنگەکەدایە و داوای دانوستانی بێ مەرج لە ئێران دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەش بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لە نوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند، ئێران چەند هەفتەیەک دوور بوو لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆیە ڕێگە نادەین ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. ئێستا ناتوانم بڕیار لەسەر ئێران بدەم، ئێران ئێستا ئازار دەچێژێت، منیش نازانم چۆن جەنگەکە بووەستێنم.

ترەمپ گوتی:

٠ ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە باشە، سەختە داوا لە ئیسرائیل بکرێت هێرشە ئاسمانییەکان ڕابگرێت.

٠ قسە لەسەر ئەوە ناکەم هێز بنێرین بۆ ئێران، کاتمان بە ئێران داوە و زۆرترین ماوەش دوو هەفتەیە.

٠ ئاشتی کاری لەپێشینەیە و ڕەنگە بەپێی بارودۆخ پشتیوانی لە ئاگربەست بکەم.

٠ ئێران دەیەوێت گفتۆگۆ لەگەڵ ئێمە بکات نەک ئەورورپییەکان، ئەوان ناتوانن ئەو جەنگە ڕابگرن و زەحمەتە داوای ڕاگرتنی جەنگ لە ئیسرائیل بکەم.

ترەمپ لەبارەی توانای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران وتی، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین و ئیسرائیل ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت هەموو کارەکان بۆ لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی ئێران بکات.

ھەواڵی زیاتر