بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 24ی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەنجام داو و تێیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
- ویستمان بگەڕێینەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی پیزانینی خۆمان بۆ سەرۆک ترەمپ، بۆ هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ گەلی ئەمریکا دەربڕین، بە تایبەت بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامییەی کە هەیانە بۆ ئێمە.
- هاتووین تا جەخت لە پابەندبوونی خۆمان بکەیەنەوە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکاین.
- ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکە دەتوانین زۆر شت پێکەوە بنیاد بنێین، کە لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکەشمان بێت.
- ئێمە دەستوورمان هەیە، بە ڕوونی تێیدا هاتووە کە مافی کوردستان چییە، کوردستان مافی هەیە گرێبەست واژوو بکات، بە تایبەت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی سێکتەری وزە، ئێمە لە ڕابردوو گرێبەستمان واژۆووکردووە، ئەم دوو کۆمپانیایەش تازە نین و 15 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە.
- ئێمە هاوڕاین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، پێمان باشە دەرفەتێک بدرێتە سووریا، چونکە بە دۆخێکی ناهەموار تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنترۆڵی وڵات بکەن، هێشتا داعش لە وڵاتەکەدا هەیە و دەبێت چاودێریی بکرێن، هیوادارین بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەموو لایەک داعش لە وڵاتەکەدا بوونیان نەمێنێت.
- هیوادارین دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی لێ بکەوێتەوە، ئێمە شەڕمان ناوێت، هەموو لایەک پاڵشتیی لە دنیابینی سەرۆک ترەمپ دەکەن، ئێمەش بە هەمان شێوە پاڵپشتیی لێ دەکەین، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بێتە ئاراوە، هیوادارین هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت.
- پاڵپشتیی ئەمریکا زۆر گرنگ بووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمەکە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بە ئاسانی لەناو ببەین ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نەبووایە.
- هیوادارین ئەمریکا بەردەوام وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان بکات، کە ئێستا وا سەیری دەکات.
- شانازی بەوە دەکەین کە ببینە هاوبەشی ئەمریکا.