مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات و ژمارەیەک دیداری گرنگی دەبێت.
چوارشەممە، 14-05-2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پڕۆژەی ڕووناکی، مووچەی فەرمانبەران، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
پێشەوا هەورامانی لە بەشێکی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.
بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی 11-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، “سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.”
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردبوو،، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
دوایین سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، بۆ ڕۆژی دووشەممە، 26-2-2024، دەگەڕێتەوە. لەو سەردانەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی ئەمەریکا کۆ بووەوە.
لە دیدارەکەدا بلینکن بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت: “ئەمریکا هاوبەشییەکیی درێژخایەنی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە، ئەوە شتێکە ئەمەریکا بە جیددی لێ دەڕوانێت و بۆ خودی خۆشم وەک شتێكی مەزن تەماشای دەکەم”.

ھەواڵی زیاتر