مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس ، مایکل باومگارتنەر ، سارا جاکۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندی کۆنگرێس کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە پێگەی گرینگیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەربڕی . هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی .
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر