گەورەترین کونسولخانە لە هەولێر دەکرێتەوە

تامی بروس، گوتەبێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا دەڵێت: خوازیارین ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی نوێی هەرێمی کوردستان هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بێت و لە مانگی داهاتوودا گەورەترین کونسوڵخانەمان لە هەولێر دەکەینەوە.  

تامی برووس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، کە گەورەترین کونسوڵخانەیە لە ئاستی ناوچەکە، دەرخەری پابەندییەکانی ئەمەریکایە بەرامبەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. 

گوتیشی: کونسوڵخانەی نوێمان لە ھەولێر ھاوبەشی و ھەماھەنگی دیپلۆماتیمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەھێزتر دەکات، لە چوارچێوەی کارە لە پێشینەکان و ئاڵنگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و بەھێزکردنی ئاشتی دوور مەودا.

تامی برووس لەبارەی یەکگرتن و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، گوتی: پێشنیاز دەکەم ئەم پرسیارە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە بابەتێکی ناوخۆییە.

لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە ھانی ھەموو لایەنەکانمانداوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنن.

هەروەها جەختی کردەوە، ھەبوونی حکوومەتێکی بەھێز و خۆڕاگر و دیموکرات، وەک زۆرجار باسمان لێوەکردووە، پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە ھانیان دەدەین پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.   

پێکهێنانی حکوومەتێکی خۆڕاگر لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەیە و خوازیارین هەنگاوەکانی ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی نوێی هەرێم هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بن.

هەروەها گوتی: هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بۆ ئەوەی هەرچی زووە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.  

ھەواڵی زیاتر