سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێك ئاراستەی گەل و حكوومەتی كۆریای باشوور دەكات و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26/3/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو كردەوە و دەڵێت: “زۆر دڵتەنگم بەو ئاگرەی کە کۆریای باشووری گرتووەتەوە، بیرم لای قوربانی و بنەماڵەکانیانە، بەھیوام ھەموو ئەوانەی بوونەتە قوربانی و زیانیان بەرکەتووە، بەخێرایی چاک ببنەوە.”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردووەتەوە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا پاڵپشتی لە گەل و حکوومەتی کۆریای باشوور دەکات.”
لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە 22/3/2025، ئاگر لە چەند بەشێكی دارستانەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باشوور کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 24 کەس گیانیان لەدەست داوە، دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
نزیکەی پێنج هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 87 هێلیکۆپتەر، جگە لە سەدان کارمەندی پۆلیس و سوپا، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژێنەوە و چۆڵکردنی دارستانەكانی كۆریای باشوور دەکەن.