سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا خۆشحاڵیی خۆی لە بەرامبەر بەشداری هاونیشتمانییان لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن دەربڕی و رایگەیاند: “هەرچەندە دەستێکی نائەمین هەوڵی تێکدانی دا، بەڵام بەشداربووان رێگەیان نەدا سەربگرێت.”
رۆژی یەکشەممە، 23ی ئاداری 2025، بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی رەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات.”
بەگوێرەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، کۆبوونەوەی هاونیشتمانییان “دەرخەری كە رۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو رای گشتیی جیهانی.”
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە: “هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە رووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و رەنگی راستەقینەی بەشداربووان رێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت.” هەروەها دەشڵێت: “لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.”
لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی سوپاسی هاونیشتمانییانی دیاسپۆرانشین دەکات لە بەرامبەر بەشدارییان بە “جۆش و خرۆش”ـەوە لە ئاهەنگەکەی کۆڵن گوتی: “بە رۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم.”
“هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن.” سەرۆک بارزانی وای گوت.