ئهمڕۆ چوارشهممه 2/19، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له باڵيۆز دانيال ڕوبنستين، كاربهڕێكهرى باڵيۆزخانەی ئهمهريكا له عێراق کرد.
له كۆبوونهوهکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پتەوکردنی زیاتری پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و ئەمەریکا، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ههولێرـ بهغدا و ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەروەها بیروڕا لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا کە ئێستا گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت و پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی بدات و بە بێ جیاوازی، خزمەتی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دۆخی گشتیی ناوچە و بە تایبەتی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.


- 1
- 2