بڕیارێکی نوێ بۆ پەنابەرانی بەریتانیا
بەپێی یاسای نوێی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا داواکاریی ڕەگەزنامە بۆ ئەو کەسانە ڕەت دەکرێتەوە کە بە نایاسایی دەچنە ناو وڵاتەکەوە، بەتایبەت ئەوانەی بە بەلەمی بچووک دەچن.
حکومەتی بەریتانیا بە توندکردنی یاساکانی کۆچبەران وایکردووە ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچووک دەچنە وڵاتەکەی ناتوانن ڕەگەزنامە وەربگرن، بەپێی یاسا نوێکان، ئەو کەسانەی بە نایاسایی دەچنە بەریتانیا یان بە گەشتێکی مەترسیدارەوە دەچنە بەریتانیا، بە شێوەیەکی گشتی ڕەگەزنامەی بەریتانیایان پێنادرێت، بێ گوێدانە ماوەی ژیانیان لەو وڵاتەدا.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند: هەر کەسێک بێتە ناو وڵاتەکەمان بە “گەشتی مەترسیدار” واتە گەشتکردن بە بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە لە ناو ئۆتۆمبێل یان هەر ئامرازێکی دیکەی گواستنەوەدا لە پێدانی مافی مانەوە لە وڵاتەکەمان بێبەش دەبێت.
ئەم بڕیارە نوێیە ڕۆژی دووشەممە بە کارمەندانی بەشی ڤیزا و کۆچبەرانی وەزارەتی ناوخۆ دراوە هەروەها پێیان وتراوە کە: هەموو ئەو کەسانەی کە پێشتر بە نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا و لە 10-2-2025ـەوە داوای ڕەگەزنامەی بەریتانیا دەکەن، بە شێوەیەکی سروشتی ڕەت دەکرێنەوە، بێ گوێدانە ئەوەی چەندە بە نایاسایی و ماترسیدار هاتوونەتە بەریتانیا.