24 کاتژمێر کۆتایی بەشار ئەسەد چیرۆکی هەڵاتنی

لە 27ی نۆڤەمبەری 2024، هێرشێکی گرنگ لە حەلەب دەستیپێکرد، کاتێک دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی، هێرشێکی لەناکاویان کردەسەر هێزەکانی حکومەتی سووریا. ئەوە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی شەڕی نێوخۆی سووریا بوو.

هێرشەکە لە بەرەبەیانێکی زوودا دەستیپێکرد. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێرشیان کردەسەر شوێنە سەربازییە گرنگەکانی دەوروبەری شارەکە و بە ئاسانی بەربەستە حکومییەکانیان بەزاند. تاوەکو نیوەڕۆ، هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن چوونەتە نێو شارەکەوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووەم گەورەترین شاری سووریایان کۆنترۆڵ کردووە.

لەگەڵ تووندبوونی شەڕەکە بە درێژایی ئەو رۆژە، هێزەکانی دەستەی تەحریری شام توانییان خۆیان بگەیێننە ناوچەکانی دەوروبەری ئەو شارە گرنگەی وڵاتەکە. ئەو هێرشە بووە هۆی ئاوارەبوونی بەشێکی زۆری دانیشتووانی کوردی ناوچەی حەلەب. هەزاران کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت. زۆربەیان پەنایان بردە بەر ناوچە ئارامەکانی دەرەوەی شار، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە لەوانە لەنێو شەڕەکەدا گیریان خواردبوو.

رۆژێک پێش هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن

رۆژی 26ی نۆڤێمبەر، رۆژێک پێش دەستپێکی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەشار ئەسەد بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوت. لە مۆسکۆ ئەسەد و ستافەکەی لە هۆتێلی فۆر سیزنس مانەوە. داوای بینینی ڤلادیمیر پووتینی کرد. سەرەتا کرێملین رۆژی پێنجشەممەی دیاری کردبوو بۆ بینینی پووتین، بەڵام بە هۆکاری نادیار دواخرا بۆ کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی. لەو رۆژەدا جارێکی دیکە کرێملین دیدارەکەی بۆ کاژێرێکی دیکە دواخست. بەشار ئەسەد لە هۆتێلەکەی هەر لە چاوەڕوانیدا بوو. دواتر پێیان راگەیاند، پووتین کاژێر 05:00 ئامادەیە.

ئەو ئێوارەیە لە کرێملین، ئەسەد ماوەی کاژێرێک لەگەڵ پووتین کۆبووەوە. ئەسەد داوای هێزی سەربازیی رووسیای کرد، هەروەها داوای کرد رووسیا کارئاسانی بکات بۆئەوەی ئێران بەهانایەوە بێت. لەو کۆبوونەوەیەدا پووتین وای پێشان دا کە رازییە، بەڵام ئەو رازیبوونە هیچ کردەوەیەکی بەدوادا نەهات. تەنانەت دوای تەوابوونی دیدارەکە و گەڕانەوەی ئەسەد بۆ هۆتێل، کرێملین ئامادە نەبوو هیچ راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوبکاتەوە.

ئەو رۆژە بەشار ئەسەد بێ هیوا دەردەکەوت. رۆژی شەممە لەگەڵ کەریمی کوڕی سواری فڕۆکەیەکی رووسی بوون و گەڕانەوە بەرەو دیمەشق، کاژێر 08:00ی ئێوارە، 30ی نۆڤێمبەر بەشار و کوڕەکەی گەیشتنەوە دیمەشق. کوڕەکەی دیکەی، حافز، دواتر بەدوایاندا هات و گەڕایەوە دیمەشق.

لە رۆژی 30ی نۆڤێمبەردا، هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر پێگە و شوێنەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان پێکرد، هەردوولا کەوتنە نێو شەڕێکی قورسەوە. حکومەتی سووریا هەوڵی دا کۆنترۆڵی ناوچە لەدەستچووەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بوون لە رووبەڕووبوونەوە و پێشڕەوییان دەکرد.

دۆخی ئابووریی سووریا لە سەرەتای مانگی دیسێمبەردا بەرەو خراپی دەڕۆیشت. لیرەی سووری زیاتر لە 90%ی بەهاکەی لەدەستدا. ناڕەزایی گشتی لە سەرتاسەری وڵات دەستیپێکردەوە. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو لایەکەوە هێرشیان بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەکرد.

جۆلانی مژدەی سەرکەوتنی راگەیاند

هێرشەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب، لەوانە حەما و ئیدلیب، فراوانتر بوون. کاتێک هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەرەو باشوور پێشڕەوییان کرد، شاری حەمایان بە کەمترین بەرەنگاربوونەوە کۆنترۆڵ کرد. لە حەما، هاووڵاتییان پەیکەرەکانی بنەماڵەی ئەسەدیان رووخاندن. ئەبو محەممەد جۆلانی سەرکردەی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێکدا گوتی، “مژدەتان پێدەدەم کە برا موجاهید و شۆڕشگێڕەکانتان دەستیان کردووە بە چوونە نێو شاری حەما بۆ پاککردنەوەی ئەو برینەی بۆ ماوەی 40 ساڵ لە سووریا بەردەوام بوو. داوا لە خوای گەورە دەکەم ئەمە فەتحێک بێت تۆڵەی تێدا نەبێت، چونکە فەتح هەمووی بەزەیی و خۆشەویستییە، سوپاس بۆ خوای پەروەردگاری گەورە.”

هەر لە رۆژەکانی سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم دا، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەرەو شاری حومس چوون. پێشڕەوییەکە بەرەو حومس راستییەکی ئاشکرا کرد، سوپای سووریا، کە رۆژێک لە رۆژان هێزێکی سامناکی ناوچەکە بوو، لە چاوتروکانێکدا لە بەرچاوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا ون بوو. بارەگا سەربازییەکان چۆڵ کرابوون، خاڵەکانی پشکنین بێ پاسەوان مابوونەوە.

ئەو سیستمە بەهێزەی بەرگری کە بۆ چەندین دەیە وەکو قەڵایەک پارێزگاریی لە دەسەڵاتی ئەسەد کردبوو، وەکو کەلاوەیەکی رووخاوی لێهاتبوو. ئەو هێزە کەمەی مابوونەوە، بڵاوەیان لێکردبوو، ورەیان بە تەواوی تێکشکابوو؛ ئەوەش بێ هۆکار نەبوو. مووچەی سەربازێک لە مانگێکدا کەمتر لە 20 دۆلار بوو، ئەو سەربازانەی لە بەرەکانی شەڕدا بوون، بێ ئەزموون و کەم چەک بوون. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە درۆنی سەربازیی پێشکەوتوو پڕچەک بوون. تەنیا لە کۆگەیەکی نزیک شاری ئیدلیب، زیاتر لە 200 درۆنی سەربازی راگیرابوون. لەگەڵ دەستپێکی شەڕدا، لە رێگەی درۆنەوە هێرشی بەردەوامیان دەکردە سەر سوپاکەی ئەسەد.

کشانەوەی حیزبوڵڵای لوبنان و خراپتربوونی دۆخی دەسەڵاتی ئەسەد

دۆخەکە زیاتر بەرەو خراپتر چوو کاتێک حیزبوڵڵا بەهۆی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل و کوشتنی سەرکردەکانیەوە، ناچاربوو هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە. رووسیای هاوپەیمانی ئەسەدیش، بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە ناچاربوو هەندێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی لە سووریاوە ببات بۆ ئۆکراینا.

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، وڵاتانی دراوسێی سووریا کەوتنە جموجووڵی دیپلۆماسی. وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق و سووریا لە بەغدا کۆبوونەوە. هاوپەیمانەکانی ئەسەد لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ راگرتنی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوتا ئێرانی و سوورییەکەی گوتی، “بێگومان تەوەری سەرەکی و بابەتی سەرەکی، پەیوەندیی بە دۆخی سەخت و مەترسیداری سووریاوە هەیە.”

بەڵام هەڵوێستی تورکیای دراوسێی سووریا لە باکوورەوە، تەواو جیاواز بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا راشکاوانە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشەکانی ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و گوتی، “ئەم پێشڕەوییەی ئۆپۆزیسیۆن تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئێمەش لە رێگەی هەواڵگری و میدیاکانەوە چاودێریی دەکەین. هیوادارین ئەم پێشڕەوییە لە سووریا بێ کێشە و بەڵا بەردەوام بێت.” رۆژی پێنجشەممە، 6ی دیسێمبەر، ئەردۆغان بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک نییە و دەرگەی دیپلۆماسی داخراوە.

لەسەر زەوی، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا کۆبوونەوە. لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق، دەستکرا بە ناونووسینی ئەوانەی دەیانویست بۆ بەرگری لە ئەسەد بۆ سووریا بچن. ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، خۆیان لە شەڕی سووریا تێوەنەگلێنن. لە پەیامەکەیدا جۆلانی گوتی، “هەروەک چۆن لەم دواییانەدا عێراق و سەرۆکوەزیرانەکەی محەممەد شیاع سوودانی سەرکەوتوو بوون لە دوورکەوتنەوە لە شەڕی نێوان ئێران و ناوچەکە، ئێمەش پشتیوانیی لێدەکەین، کە عێراق لە چوونە نێو شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئەوەی لە سووریا روودەدات دووربخاتەوە.

پووتین وەڵامی بەشار ئەسەدی نەدایەوە

بەشار ئەسەد چەندین جار هەوڵی دا پەیوەندی بە پووتینەوە بکات. رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 3 و 4ی دیسێمبەر، چەند جارێک پەیوەندی بە کرێملینەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی وەڵام نەدرانەوە. دواجار وەڵامی ئەسەد درایەوە، بە ساردییەوە و پێی راگەیێندرا کە پووتین لە بێلاڕووسە و ناتوانرێت پەیوەندیی پێوە بکرێت.

24 کاژێری کۆتایی ئەسەد و هەڵاتنی

رۆژی 7ی دیسێمبەر، دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، چوونەتە دەوروبەری دیمەشق. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەوروبەری پایتەختی سووریا، وڵاتانی دراوسێی سووریا و هاوپەیمانەکانی، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە. هەریەکە لە ئێران و رووسیا بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕان بۆ وەستاندنی هێرشی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن و رزگارکردنی رژێمی ئەسەد. وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوحە رایگەیاند، پێویستە پێکدادانەکان کۆتاییان پێ بێت، “دەبێت یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا رێزی لێبگیرێت و پەنا بۆ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ببرێت، گرنگتر لە هەمووی ئەوەیە، گفتوگۆی سیاسی لەنێوان حکومەتی سووریا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە شەرعییەکان دەستپێبکات.” هەر لە دەوحە سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە دۆخی سووریا دووپات کردەوە و گوتی، “ئێمە زۆر نیگەرانی چارەنووسی گەلی سووریاین. نامانەوێت هەمان چارەنووسی عێراقییەکان و لیبییەکان و نەتەوەکانی دیکەیان بەسەردا بێت، کە لەلایەن ئەوانەوە تێکدران کە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن.”

هەر لە رۆژی 7ی دیسێمبەردا، وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی و گرووپی ئەستانە لە دەوحە تاوەکو کاژێرەکانی کۆتایی رۆژ لە کۆبوونەوەدا بوون. لە راگەیێندراوێکدا داوای راگرتنی شەڕەکەیان کرد، بەڵام ئەو داوایە لەسەر زەوی هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبوو. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بوون لە پێشڕەوییەکانیان. گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، پێویستە ئامادەکاری بکرێت بۆ قۆناخێکی راگوزەر و گوتی، “هەرگیز قۆناخێکی راگوزەری سیاسیی رێکخراو لە ئێستا زیاتر پێویست نەبووە، ئەوەش بە پێکهێنانی خێرای رێکارەکانی قۆناخێکی راگوزەری گشتگیر و متمانەپێکراو لە سووریا دەستپێدەکات.”

پێنەدەچوو ئیدی هیچ هەوڵێک چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن رابگرێت. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، داوای ئامادەکاریی کرد بۆ قۆناخی دوای رژێمی ئەسەد.

بەشار ئەسەد فێڵی لە ستافەکەی کرد و سەرقاڵی کردن

لە کاژێرەکانی کۆتایی دەسەڵاتی بەسەر سووریادا، بەشار ئەسەد دوا فێڵی خۆی لەوانەش کرد کە پشتیان پێبەستبوو. ئەو دوای نیوەڕۆیە، بەشار ئەسەد ستافەکەی راسپاردبوو گوتارێکی بۆ ئامادە بکەن. رێنوێنیی بە ستافەکەی دابوو گوتارەکە دەستپێشخەریی راگرتنی شەڕەکەی تێدابێت. دواتر دەرکەوت ئەوە تەنیا فێڵێک بوو بۆ سەرقاڵکردنیان، چونکە لەڕاستیدا ئەو خەریکی پلانی بەجێهێشتنی دیمەشق بوو.

هەر لەو شەممەیەی مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا، لەبەردەم فەرماندە سەربازییەکانیدا وەستا و بەڵێنی پشتگیریی رووسیای پێدان؛ ئەو پشتگیرییەی کە هەرگیز نەدەهات.

وەزیری نێوخۆی سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئامادەیی بەرگریکردنی لە دیمەشق راگەیاند. لەنێوان کاژێر 11:00 بۆ 12:00ی شەوی شەممە 7ی دیسێمبەر، بەشار ئەسەد لەگەڵ پاشکۆیەکی سەربازیی رووسیا کۆبوویەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا پلانی هەڵاتنی ئەسەد لە دیمەشق بە هاوکاریی رووسیا دانرا. کاژێر 02:15ی بەرەبەیانی یەکشەممە 8ی دیسێمبەر، بەشار ئەسەد لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکانی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی و وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکان کۆشکی سەرۆکایەتییان بەرەو فڕۆکەخانەی دیمەشق بەجێهێشت. لەوێشەوە بەرەو بنکەی سەربازیی رووسیا لە حمێمیم چوون.

کارمەندانی کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا هەڵاتن

لەنێو ستافی کۆشکی سەرۆکایەتیدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە سەرۆک دیمەشقی بەجێهێشتووە. ئەوانیش بە هەڵەداوان و لەنێو ترس و دڵەڕاوکێدا کۆشکی سەرۆکەکەیان بەجێهێشت. هاوژین و منداڵەکانی ئەسەد، پێشتر بۆ مۆسکۆ هەڵاتبوون. لەگەڵ خۆرهەڵاتندا، سەرۆکوەزیرانەکەی ئەسەد پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بە تەواوی کۆتاییهاتنی رژێمی ئەسەدی یەکلا کردەوە. لە پەیامەکەیدا جەلالی گوتی، “من لە ماڵی خۆمم و بەجێم نەهێشتووە، چونکە من خەڵکی ئەم وڵاتەم و هیچ شوێنێکی دیکە وەکو نیشتمان ناناسم. لەم کاتانەدا کە خەڵک هەست بە دڵەڕاوکێ و ترس دەکەن، سەرەڕای ئەوەی هەموویان خەمخۆری ئەم وڵاتە و دامەزراوەکانین، من لەبەر خەمخۆریم بۆ دامودەزگا گشتییەکانی دەوڵەت، کە موڵکی من نین و موڵکی کەسێکی دیکەش نین، بەڵکو موڵکی هەموو سوورییەکانن، دەست درێژ دەکەم بۆ هەموو هاووڵاتییەکی سووری کە خەمخۆری ئەم وڵاتەیە، بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی وڵات. داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم دەستدرێژی نەکەن بۆ سەر هیچ موڵکێکی گشتی، چونکە لە کۆتاییدا موڵکی خۆیانە.”

ئەو رۆژە خەڵکی سووریا رژانە سەر شەقامەکان و روویان کردە کۆشک و باڵەخانە و گرتووخانەکانی رژێمی ئەسەد. لەنێو کۆشکی سەرۆکەیەتیدا، خواردنی گەرمی سەر ئاگر و ئەلبوومی وێنەی خێزانەکەی سەرۆکی هەڵاتوو لە هۆڵەکانی دەسەڵاتدا بەجێمان.

بەشار ئەسەد تاوەکو ئێوارەی رۆژی 8ی مانگ لە بنکە سەربازییەکەی رووسیا دەمێنێتەوە. دوای کەوتنی دیمەشق، ئیدی بە ناچاری بە فڕۆکەیەکی دیکەی رووسی بەرەو مۆسکۆ هەڵدێت. فڕۆکەکە لەژێر پەردەی تاریکیدا، بە بێدەنگی بە ئاسمانی سووریادا تێپەڕی و سەرۆکە رووخاوەکەی گەیاندە رووسیا.

بەپێی قسەی بەرپرسانی عێراقی، ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد، لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی دیکەی سەربازیی سووریا، بە ئۆتۆمبێل و بەبیاباندا بەرەو عێراق هەڵاتن، بەڵام دواتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ماهیر ئەسەد لە عێراق نییە.

سوپای ئیسرائیل 70%ی تواناکانی سوپای سووریای لەنێوبرد

لە چەند کاژێری یەکەمی دوای رووخانی ئەسەد، لە کاتێکدا سوورییەکان رژابوونە نێو گۆڕەپان و شەقامەکانی شارەکانیان و سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون، ئیسرائیل زیاتر لە 350 پێگەی سەربازیی لە سەرتاسەری سووریا کردە ئامانج. فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیل، فڕۆکەخانەکان، دامەزراوە سەربازییەکان و کۆگەکانی مووشەکیان بۆردوومان کرد. ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئیسرائیل کە راستەوخۆ دوای رووخانی ئەسەد دەستیپێکرد، 70%ی تواناکانی سوپای سووریای لەنێوبرد.

بەو شێوەیە، یەکێک لە خوێناویترین رژێمەکانی سەدەی 21 کۆتاییهات. لە هەمان کۆشکی کۆماری کە حافز ئەسەد 53 ساڵ پێشتر بە کودەتایەکی سەربازی دەستی بەسەردا گرتبوو، کوڕەکەی بەشار بەجێیهێشت. ئەو رژێمەی کە بە سەتان هەزار سووریی کوشت، زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەی بریندار کرد، 13 ملیۆنی ئاوارە و دەربەدەر کرد و چەکی کیمیایی دژی خەڵکی خۆی بەکارهێنا، لە تاریکیی شەوێکدا هەڵات. دیکتاتۆرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەبەردەم ویستی گەلەکەیدا رووخا.

ھەواڵی زیاتر