دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر یاداشتێکی سەرۆکایەتی کرد تاوەکو ئەمریکا سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەی لێبگرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی دووشەممە، 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتی واژۆ کرد، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ترەمپ دوای ئەوەی فەرمانی سەرۆکاتی بۆ گوشارکردن لەسەر ئێران جێبەجێ کرد، هیوای خواست کە پێویست نەکات ئەو گوشارە بکاتە سەر ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئەو یاداشتەی کە ترەمپ بۆ گوشارکردنە سەر ئێران واژۆی کردووە، هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی ئەمریکا دەبێت سزای نوێ بۆ سەر ئێران دابڕێژن.
ترەمپ پەشیمانی لەبارەی گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر بە ئێران نواند و گوتی، “ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لێی دوودڵم. هەموو کەس دەیانەوێت من ئەوە واژۆ بکەم، من واژۆیان دەکەم. ئەو [ئەو یاداشتانە] زۆر تووند دەبێت بۆ ئێران.”
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا گوتی، “بەهیوام کە پێویست نەکات [رێکارەکان] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بە کردنی ئەمە، بەڵام لەراستیدا بژارەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین.”
لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، “سەیر دەکەین بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا. رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکەین و هەموو کەس دەتوانن بەیەکەوە بژین.”
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە “ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟” لە وەڵامدا گوتی، “ئەوان زۆر زۆر نزیکن”.
لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر خۆی و ئەگەری هەوڵی کوشتنی پرسیار لە ترەمپ کرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، “ئەوان ئەو شتەیان نەکردووە و شتێکی زۆر خراپە ئەگەر ئەوە بکەن… ئەگەر ئەوان ئەوە بکەن، دەسڕێنەوە. رێنماییم بەجێهێشتووە، ئەگەر ئەوان ئەمە بکەن، دەسڕدرێنەوە، هیچ شتێک نامێنێت. هەروەها نابێت توانای ئەوەیان هەبێت.”
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی دژی ئێران پەیڕەو کرد و ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشاندەوە.
تاران پابەندی رێککەوتنەکە بوو تاوەکو واشنتن لە 2018 لێی کشایەوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری بوو. هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.
رێککەوتنەکە میکانیزمێکی تێدایە کە رێگە بە واژۆکاران دەدات سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو بەردەوام لە گوتەکانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئێران دەبڕیوە و ئەو وڵاتەی بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی و ئیسرائیل داناوە.