فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لە ناوچەیەکی فیلادلفیا لە ئەمریکا تێکشکا. 6 سەرنشینی تێدا بووە، “نازانرێت سەرنشینەکان لە ژیاندا ماون یان مردوون.”
لەدوای کاژێر 06:00ـی ئێوارەی 31-01-2025 بە کاتی ئەمریکا (02:00)ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لە جۆری (Learjet 55) لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری فیلادلفیای پێنسلڤانیا تێکشکاوە، بەگوێرەی دەستەی فیدراڵیی فڕۆکەوانی ئەمریکا (FAA) لە ئاسمان دوای جێهێشتنی فڕۆکەخانە تێکشکاوە.
فڕۆکە فریاگوزارییەکە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سپرینگفیڵد- برانسن بەڕێکەوتبوو. باس لەوە دەکرێت کە “هەوڵی گواستنەوەی منداڵێکی داوە کە باری تەندروستیی تێکچووە.”
خاوەنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە (هێڵی جێت ریسکیو) رایگەیاند: “ئێستا ناتوانن دڵنیا ببنەوە کە هیچ کەسێک لە رووداوەکە رزگاری بووبێت.”
شێرڵ پارکەر، سەرۆکی شارەوانیی فیلادیلفیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل بەهۆی رووداوەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان لەبەردەست نییە.”
بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن، چەند کەسێک لە دەوروبەری رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن و بەرەبەیانی پێنجشەممە (30-01-2025) بە کاتی هەولێر فڕۆکەیەکی دیکەی نێوخۆیی ئەمریکا لە ئاسمانی واشنتن دی سی خۆی کێشا بە هێلیکۆپتەرێکی سەربازیدا و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینانی نێو فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستدا.
هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە 3 کەس و فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە 64 کەسی تێدا بووە.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی گوتی: “ئەم بەیانییە لە ساتێکی بە ئازاردا قسەتان بۆ دەکەم. ئێستا کارەکە گۆڕاوە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان. بەداخەوە، کەس رزگاری نەبووە. ئەمە شەوێکی تاریک و ئازاربەخش بوو بۆ پایتەختی وڵاتەکەمان.”