زانیاری لەبارەی کوژرانی سەلوان مۆمیکا لە سوێد

میدیای سوێد بڵاوی کردەوە؛ سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، دوێنێ شەو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژراوە.

بەپێی راپۆرتی SVT، دوای کاژێر 11:00ـی شەو، پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، پاش ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە.

دانیێل ڤیکداڵ، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم بە SVTـی راگەیاندووە “لە شوقەیەکدا پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ دۆزرایەوە، کە تەقەی لێکرابوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.”

پۆلیسی ستۆکهۆڵم تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، قوربانییەکە سەلوان مۆمیکایە، بەڵام دەزگای هەواڵگریی سویدیش (سێپۆ) بەشدارە لە لێکۆڵینەوەکاندا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کوژراوە، لە کاتی رووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆ بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. ڤیکداڵ دەڵێت کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە.

هەروەها رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سوێدی بڵاوی کردەوە، سەلوان مۆمیکا دوێنێ شەو لە شووقەیەک دا لە شاری سۆدێرتێلیەی سوێد کوژرا.

گابریێل ڤێرنستێد، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوێد (سێپۆ) رایگەیاند “ناتوانین هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم رووداوە بدەین، چونکە کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.” 

مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.

بڕیارە ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11:00ـی بەیانی دادگای ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی هاندان دژی گرووپێکی ئایینی بدات، کە دژی مۆمیکا و هاوڕێکەی سەلوان نەجم تۆمار کرابوو.

ھەواڵی زیاتر