ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس زیانەکانی دیاریکرا

ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس دەکرێت یەکێک بێت لە پڕزەرەرترین کارەساتە سرووشتییەکانی مێژووی ئەمریکا.

بەپێی ئاماری دامەزراوەی میدیایی “ئاکیو وێزەر”ـی ئەمریکی کە تایبەتە بە راپۆرت و توێژینەوەی تایبەت بە کەشوهەوا، تاوەکو ئێستا زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس لە نێوان 52 بۆ 57 ملیار دۆلارە. ئەو زیانە زۆربەی بەهۆی سووتانی باڵەخانە و خانووەکانەوە دروستبووە، بەتایبەتی کە ناوچەکە لە رووی خانووبەرەوە لە بەهادارترینەکانی ئەمریکایە.

جۆناسان پۆرتەر، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی کەشناسیی دامەزراوەکە دەڵێت: “ئەمە [ئاگرەکە] یەکێکە لە کارەساتبارترین ئاگرەکانی مێژووی کالیفۆرنیا”.

لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

پۆرتەر دەڵێت: “ئەگەر لە رۆژانی داهاتوو باڵەخانەی زیاتر بسووتێن، رەنگە ببێتە کارەساتبارترینی مێژووی کالیفۆرنیاش لەڕووی ژمارەی باڵەخانە سووتاوەکان و زیانە ئابوورییەکانەوە”.

نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا. نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلارە.

بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵی بەشێک لە دیارترین ئەکتەر و ئەستێرەکانی هۆڵیوود سووتاون، لەوانە بیڵی کریستاڵ، ماندی موور و پاریس هیڵتن.

بەپێی دوایین ئامار کە بەرپرسانی خۆجێیی شارەکە بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی 10 هەزار ماڵ و باڵەخانەش سووتاون.

ھەواڵی زیاتر