پەیجەر چییە و بۆچی چەكدارانی حیزبوڵڵا بەكاریدەهێنن؟

پەیجەر، ئامێرێكی بێتەلی شێوە مۆبایلە، لە ساڵی 1960 لەلایەن کۆمپانیای مۆترۆلۆ دروستکراوە و لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو بەربڵاو بوو، دواتر لەگەڵ بەكارهێنانی مۆبایل بەكارهێنانی كەم بووەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشێکی ئەلیکترۆنی کرایە سەر ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان و لەڕێگەی هاککردنەوە تەقێنرانەوە، تاوەکو ئێستا کوژرانی هەشت کەس و بریندابوونی دوو هەزار و 750 کەس لە لوبنان و، برینداربوونی دەیان کەسی دیکە لە سووریا ڕاگەیێنراوە.

دوای پەیدابوونی مۆبایل، ئێستا پەیجەر لەو شوێنانە بەكاردەهێنرێت كە تۆڕی مۆبایل لێیان لاوازە، هاوكات لەلایەن بەشێك لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی زانیاری دزە نەكات و ئۆپەراسیۆنەكان بەسەركەوتوویی بەڕێوەبچن، لەنێویشیاندا چەكدارانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی زانیارییەكانیان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی نەكەونە دەست ئیسرائیل.

پەیجەر، لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانیش بەكارهێنراوە، پزیشكان پەیجەریان پێ باشترە لە مۆبایل بەهۆی ئەوەی كاریگەریی خراپ و زیانی بۆ نەخۆش كەمترە و لەرەلەری نییە.

لەیەك كاتدا دەتوانرێت سەدان ئامێری جۆری پەیجەر بە یەك تۆڕ ببەسترێنەوە و پەیامێك لە تۆڕی سەرەكییەوە بۆ سەرجەم ئامێرەكان بنێردرێت، ئەمەش لەلایەن چەكدارانی حیزبوڵڵاوە پەیڕەو كراوە و فەرمانەكان بەمشێوەیە دەنێردران.

ژێدەر

ئاڤا

ھەواڵی زیاتر