ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا زانیایی نوێی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا دەکات كه‌ ته‌قه‌ی له‌ تره‌مپ كرد

FBl ڕایگەیاند: ئەو كەسەی تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ كردووە، بە مەبەستی تیرۆركردنی ئەم كارەی كردووە.

كیڤن رۆجیك، لە نووسینگەی FBI بە میدیاكارانی راگەیاندووە، كاتێك ترەمپ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە و جەماوەرێكی زۆری لێ بووە، تەقە كراوە و ”دەتوانین بڵێین كە ئەمە هەوڵی تیرۆركردن بووە لە دژی سەرۆكی پێشوومان دۆناڵد ترەمپ.“
هەروەك ڕوونی كردۆتەوە كە لە ئەنجامی تەقەكاندا جگە لەوەی (گوێ)ی ترەمپ بریندار بووە، هەروەها كەسێكیش كوژراوە و دوانی دیكەش بریندار بوون. 

لەبارەی هۆكارەكانی ئەو تەقەكردنەوە بەرپرسەكەی FBI گوتوویەتی: ”تا ئێستا نازانین چ پاڵنەرێك لە پشت هێرشەكەوە بووە.”
هەر لەمبارەیەوە كەناڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردۆتەوە كە هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن، تەقەكەرەكە ناوی (تۆماس ماتیۆ كرۆكس)ە و تەمەنی 20 ساڵە.
رۆژی شەممە 13ی 7ی 2024، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ كرا و گوێی ڕاستی بریندار بوو، دواتر گەیەندرایە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەڵام لە كاتی گواستنەوەیدا بۆ لای ئۆتۆمبێلەكەی، ترەمپ دەستی بەرز دەكردەوە وەك ئاماژەدانێك بۆ جەماوەرەكەی. 

لەمبارەیەوە ترەمپ لە پێگەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی كردەوە: ”زوو زانیم هەڵەیەك هەیە، كاتێك گوێم لە دەنگی تەقە بوو، یەكسەر هەستم كرد كە فیشەك پێستم دەبڕێت، خوێنبەربوونێكی زۆر ڕووی دا.“
لە لایەن خۆیەوە یەكەی خزمەتی نهێنی كە پاسەوانێتیی ترەمپیان دەكرد، ئەوەیان راگەیاند كە تەقەكەرەكە لە شوێنێكی بەرزەوە هێرشەكەی ئەنجام داوە، بەڵام كوشتوویانە.

ھەواڵی زیاتر