ئەڵمانیا بە یاسا رێگە بە کێشانی حەشیش دەدات و دەڵێت: لەمەودوا دەتوانن حەشیش بکێشن و لەماڵەکانتان بچێنن.
پەرلەمانی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد بۆ کێشانی حەشیش لەلایەن هاووڵاتییانی وڵاتەکە و چووە لیستی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەوە کە کێشانی ئەو ماددە بێهۆشکەرە بە یاسایی بکات.
بەپێی یاسا نوێیەکە، لە ڕۆژی 01-04-2024ەوە هەموو هاووڵاتییەکی ئەڵمانی کە تەمەنی لەسەروو 18 ساڵ بیت دەتوانێت بڕی 25 گرام حەشیش هەڵبگرێت بۆ بەکارهێنانی تایبەتی.
هەروەها هەموو هاوڵاتییەکی ئەڵمانیا رێگەی پێدەدرێت بڕی 50 گرام لە ماڵەوە دابنێت و دەشتوانێت سێ ڕووەکی حەشیش (کانەبیس) لە ماڵەوە بچێنێت.
پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی ئاستی کێشانی ماددە بێهۆشکەرەکان و مامەڵەکردن پێیانەوە لە بازاڕی ڕەشدا، بۆیە بەم یاسایە دەیانەوێت مامەڵەکردن بە حەشیش و جۆرەکانی رێکبخەنەوە و بە یاسایی بکەن.