سوپاسالاری ئەڵمانیا دەلێت: پێویستە سوپا بۆ جەنگ ئامادە بکەین.
رۆژی یەکشەممە، 11ی شوباتی 2024، گارستن بغۆیە، سوپاسالاری ئەڵمانیا گوتی، بەهۆی زیادبوونی ئەگەری جەنگ و سەپاندنی بەسەر وڵاتەکەیدا، پێویستە لە پێنج ساڵی داهاتوودا سوپای ئەڵمانیا بە تەواوەتی ئامادەی جەنگ بێت.
سوپاسالاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکاریی بۆ جەنگ پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و بەرەوپێشبردنی راهێنانی سەربازی و توانای سوپایە.
ئەو گوتانەی سوپاسالاری ئەڵمانیا دوای ئەوە دێن کە دوێنێ یانس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی کۆگەکان و ناردنی هاوکاری سەربازی زیاتر بۆ ئۆکراینا، پێویستە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چەک فراوان بکرێن و چەکی زیاتر بەرهەمبهێندرێت. هەروەها گوتیشی، “تاوەکو ئەو کاتەی وەبەرهێنان لە ئاسایشمان بکەین و یەکگرتوو بین، ئەوا دەتوانین رێگریی لە هەموو شەڕانگێزییەکان بکەین.”
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، “ناتۆ بە دوای شەڕەوە نییە لەگەڵ رووسیا، بەڵام پێویستە خۆمان بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەکی دەیان ساڵی ئامادە بکەین.” هەروەها گوتیشی، “لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین کە رووسیا دەیکات و پێگەی خۆمان لە بەشی رۆژهەڵات هاوپەیمانیێتییەکە بەهێزتر کردووە.”
بە گوێرەی گوتەکانی یانس ستۆلتنبێرگ، ئەگەر رووسیا جەنگەکە دژی ئۆکراینا بباتەوە، ئەوا هیچ دڵنیاییەک نییە کە “شەڕانگێزییەکانی” بووەستن و بڵاونەبنەوە؛ بۆیە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و زیادکردنی تواناکانی ناتۆ باشترین رێکاری بەرگریکردنە.
ئەو گوتانەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدان، بڕیارە 15ی ئەم مانگە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ناتۆ کۆببنەوە کە گفتوگۆکردن لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و پاڵپشتیکردنی کیێڤ مژاری سەرەکییان دەبێت.