تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتنە ناوەڕاستی غەززە


کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردەوە، شەڕو پێکدادانەکان لە کەرتی غەزە بەردەوامەو ئەمڕۆ هەینی پێشڕەوییەکی تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی شاری غەزە بەدیکراوە.

بەپێی قسەی پەیامنێری عەرەبییە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی چەند ناوچەیەکیان لە کەرتی غەزە بۆردومان کردووەو پێشڕەویان کردووە.

هەروەها ڕوونیشی کردەوە، کە تانکەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار گەیشتوونەتە ناوەڕاستی کەرتی غەزە، لە نزیک نەخۆشخانەی “الرنتیسی”.

لە کاتێکدا وێنەکان دەریدەخەن، ئەو تانکانە بۆ یەکەمجار لە دەوروبەری نەخۆشخانەکەدا پێشڕەویان کردووە، هەروەها ئەمڕۆ بۆردومانێکی ئیسرائیلی باڵەخانەی کلینیکی دەرەوەی ناو نەخۆشخانەی ئەلشیفای کردووە ئامانج و لە ئاکامدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر دەوروبەری ٣ نەخۆشخانەی (ئەلشیفا، الرنتیسی، ئەندەنوسیا) چڕترکردووەتەوە بە مەبەستی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لە شاری غەزە، کە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی چەند هەفتەیەکە پەنایان بۆ بردوون.

هاوکات ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەزە ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل بە نزیکەی ٣٢ هەزار تۆن تەقەمەنی و زیاتر لە ١٣ هەزار بۆمب بۆردومانی کەرتی غەزەی کردووە و بە تێکڕا ٨٧ تۆن تەقەمەنی لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا بەکارهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 50%ی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە غەزە بەهۆی هێرش و بۆردومانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات 40 هەزار یەکە نیشتەجێبوون بە تەواوی ڕووخێنراون.

ھەواڵی زیاتر