ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، پێشنیازێک پێشکەشی بە ڤاگنەر کراوە کە گەرەنتیی پاراستنی سەلامەتیی چەکدارەکانی لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ و ئەویش بە پێشنیازەکە رازی بووە.
هاوکات یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر کە پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی پوتین بوو، رایگەیاند، هێزەکانیان دەگەڕێننەوە ئەو شوێنانەی کە پێشتر لێی جێگیر کرابوون.
ڤاگنەر کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەتی رووسییە، واتە سەر بە کەرتی تایبەتە و سەر بە سوپا نییە، بە کوردییەکەی، بە پارە شەڕ بۆ رووسیا دەکەن.
ڤاگنەر لە ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکەمین ئەرکی سەربازیی لە کریمیا بووە، کاتێک کە ئەندامانی گرووپەکە بە جلی سەربازییەوە یارمەتیی جوداخوازەکانیاندا نیمچە دوورگەکە لە ئۆکراینا جیابکەنەوە و بیخەنە سەر رووسیا.
گرووپەکە لە لایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە دامەزرێندراوە، کە بازرگان و هاوڕێیەکی نزیک لە ڤیلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا بوو پێش ئەوەی دوێنی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە لە سوپای رووسیا رابگەیێنێت. پریگۆژین زۆرجار بە “شێفەکەی پووتین” ناودەبرێت، چونکە ژمارەیەک رێستورانتی هەیە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ خواردنیان بۆ کرێملن ئامادەدەکرد.
لە ماوەی رابردووشدا، لەو شوێنانەی کە شەڕی هەرە سەختیان تێدا بوو، ڤاگنەر دژی ئۆکراینییەکان شەڕی بۆ رووسیا دەکرد؛ سۆلیدار و باخمووتیان کۆنترۆڵکرد.
بە گوێرەی خەمڵاندنی ئەمریکای هاوپەیمانی کیێڤ، لە سەرەتای ئەمساڵ، 50 هەزار چەکداری ڤاگنەر لە ئۆکراینا شەڕیان کردووە.
لەو 50 هەزارە، هەر بە گوێرەی واشنتن، 40 هەزاریان زیندانی و بەندکراوی پێشوون، لە بەرامبەر شەش مانگ شەڕکردن دژی ئۆکراینا، بەڵینی ئازادکردنیان پێدراوە. 10 هەزارەکەی دیکەش، سەربازی پێشووی خاوەن ئەزموون و خەڵکی ئاسایی رووسیا و بگرە بیانییەکانیشیان تێدایە؛ نە رووسیا نە ڤاگنەر ئەم وردەکارییانەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
مووچەی مانگانەی چەکدارانی ڤاگنەر، بە گوێرەی میدیای نزیک لە گرووپەکە، 3 هەزار و 100 دۆلارە.