کچان لە ئێران ‘ناچار دەکرێن سەیری پۆرن بکەن’

بەپێی ڕاپۆرتێکی IranWire کە بنکەکەی لە دەرەوەی ئێرانە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دانیشتنە ئیجبارییەکاندا بە ئامانجی بێهیواکردنی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕێژیم، کچانی قوتابخانەکان ناچار دەکەن سەیری ڤیدیۆی پۆرنۆگرافی بکەن.

ئەم ڕاپۆرتە بە پشت بەستن بە سەرچاوەی نەناسراو ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی ٤ و ٥ی تاران، هەروەها لە شاری بەندەر مەحشار، دانیشتنی ئیجبارییان بەڕێوە بردووە، کە تیایدا کچانی قوتابخانە ناچار بوون تەماشای ڤیدیۆی پۆرنۆگرافی بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵێک کچ لە قوتابخانەی شەهید ڕێحانە ولنەبی لە شاری بەندەرمەهشار کە لە حەوشەی قوتابخانەکەدا دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی بەرز کردبووەوە، “ناچاربوون سەیری گرتە ڤیدیۆییەکان بکەن کە دیمەنی دەستدرێژی و پەیوەندی سێکسی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵانی لەخۆگرتبوو”.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەسیج کە قۆڵی نیمچە سەربازیی سوپای پاسدارانە، بە پێی ڕاپۆرتەکان سەردانی قوتابخانەکانی کچانیان لە ناوچەی ٤ و پێنجی تاران کردووە و ڤیدیۆی سێکسییان پیشان داوە بۆ ئەوەی بێهیوایان بکەن لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان .

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووس و شارەزای پەروەردەیی نەجات بەهرامی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، دایک و باوکانی لانیکەم سێ قوتابی ئامادەیی کچان لە تاران ڕاپۆرتیان داوە کە بریکاری پیاو بە جلی ئاساییەوە سەردانی قوتابخانەکانیان کردووە و ناوەڕۆکی پۆرنۆگرافییان پیشانداوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک بنەماڵە سکاڵای فەرمییان لە بەڕێوبەری قوتابخانەیەک و بەشی گشتی پەروەردەی تاران تۆمار کردووە، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی کچەکانیان لەو دامەزراوەیە کردووە.

بەڵام گوایە وەزارەتی پەروەردە هۆشداری داوە بە خوێندکارەکان و خێزانەکانیان لەهەر کاردانەوەیەک، لەنێویاندا ئەگەری دەستگیرکردنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی لە تاران بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێسا توندەکانی جلوبەرگی وڵات بۆ ژنان، گیانی لەدەستدا، چەندین مانگ ناڕەزایەتی لێکەوتەوە کە بە خێرایی پەرەی سەند و بوو بە بانگەوازی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

کچانی قوتابخانە و زانکۆکان لە سەرانسەری ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کرد کە بەهۆی مردنی ئەمینیەوە سەریهەڵدا، زۆرێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان لە سۆشیال میدیادا دەردەکەون کە لەچکەکانیان فڕێ داوە و دروشم دژی حکومەت دەڵێنەوە.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سەدان حاڵەتی چوونە کۆما لە نێو کچانی قوتابخانە لە ئێراندا تۆمار کراوە و هەندێکیان پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە هەیە.

پەرلەمانتارێکی ئێرانی ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەزار و 200 کچی خوێندکار لە دوو شاری جیاوازدا ژەهراوی کراون.

بەشێک لە خەڵکی ئێران بە تێکۆشەرانی ناوداریشەوە، ئەو ژەهراویکردنانەیان خستۆتە ئەستۆی ڕێژیم و دەڵێن، ئەمانە هێرشی بە ئەنقەست و جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە لە کچانی قوتابخانە بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا.

ھەواڵی زیاتر