ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی تورکیا 40هەزار کەسی تێپەڕاند

ئاژانسی کارەساتەکانی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 2023/2/18 ڕایگەیاند، بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە کە لە 6ی شوباتدا باشووری تورکیای هەژاندووە، لانیکەم 40هەزار و 642 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بومەلەرزەکان بە گوڕی 7.7 و 7.6 سەنتەریان لە کەهرامانماراس بووە و 10 پارێزگای دیکەی هەژاندووە, لەوانە ئەدانە، ئادیامان، دیاربەکر، هاتای، غازی عەنتاب، مەلاتیا، کیلیس، عوسمانییە، ئێلازیگ و سانلیورفا، هەروەها زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بوومەلەرزەکە لە چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان هەستیان بەو لەرزینە بەهێزە کرد کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا تورکیای گرتەوە.

یونس سێزەر، سەرۆکی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری (AFAD) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دوای بوومەلەرزەکان زیاتر لە 5700 بوومەلەرزە ڕوویدا.

سێزەر وتی: “هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن تا ئێوارەی یەکشەممە تاڕادەیەکی زۆر تەواو دەبن.”

سێزێر ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی 11 هەزار و 488 یەکەی گەڕان و فریاگوزاری نێودەوڵەتی لە 80 وڵاتەوە هاتوونەتە ناوچەی کارەساتبارەکان بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری نەختینەیی 10 هەزار لیرەی تورکی (531 دۆلار) کراوە بە زیاتر لە 682 هەزار هاوڵاتی.

سێزەر بە ئاماژەدان بەوەی کە چۆڵکردن لە ناوچەی بوومەلەرزە بۆ پارێزگاکانی دیکە بەردەوام بووە، وتی: “تا ئێستا زیاتر لە 430 هەزار کەس ناوچەکانیان چۆڵکردووە.”

لە ئێستادا 313 هەزار و 720 کەس لە میوانخانە گشتیەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی دیکەی ماونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر