ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا لە بەرزبوونەوەدایە

زیاتر لە ٣٥ هەزار و ٤١٠ کەس بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکانی باشووری تورکیش گیانیان لەدەستدا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە کە ڕۆژی 6ی شوبات لە باشووری تورکیای هەژاند، لانیکەم 35 هەزار و 418 کەس گیانیان لەدەستدا.

بوومەلەرزەکان هەفتەی ڕابردوو بە پلەی ٧.٧ و ٧.٦ لە کەهرامانماراس بووە و نۆ پارێزگای دیکەی گرتووەتەوە – هاتای، غازی عەنتاب، ئادیامان، مەلاتیا، ئەدەنە، دیاربەکر، کیلیس، عوسمانییە و سانلیورفا. زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان و عێراق هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا تورکیای گرتەوە.

ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنقەرەی پایتەخت قسەی کرد و وتی “تا ئێستا ١٣ هەزار و ٢٠٨ بریندار لە نەخۆشخانەکانمان چارەسەر وەردەگرن”.

سەرۆکایەتیی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا ئافاد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا زیاتر لە 249 هەزار کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری لەو مەیدانەدا کاردەکەن.

بەپێی ئامارەکانی ئافاد تا ئێستا نزیکەی ١٩٥ هەزار و ٩٦٢ کەس لە ناوچە دوای بوومەلەرزەلەکە چۆڵکراون.

لە سەرانسەری جیهانەوە پرسە و هاوخەمی لەگەڵ تورکیا هەیە و زۆرێک لە وڵاتان تیمی فریاگوزاری و هاوکارییان ناردووە.

فەهرەتین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا ڕایگەیاند، بە گشتی 15 منداڵی ساوا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هێنراونەتە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە بۆ پشکنینی تەندروستی.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، لە ئێستادا ٩ هەزار و ٤٦ کارمەندی بیانی لە ٨٢ وڵاتەوە لە ناوچەی کارەساتباردا کاردەکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا 100 وڵات هاوکارییان پێشکەش کردووە و پێشبینی دەکرێت دوو وڵاتی دیکە تیمی فریاگوزاری بنێرن.

جگە لە تیمەکانی فریاگوزاری، بەتانی، چادر، خۆراک و تیمەکانی پشتیوانی دەروونی، لەگەڵ زیاتر لە 12,300 ئۆتۆمبێل، لەوانەش ئیکسکاڤەتەر و تراکتۆر و بولدۆزەر، ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کران.

ئافاد ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٢٧ هەزار و ٧٦٢ خێمە و دوو ملیۆن و ٦٠٧ هەزار و ٣٩٠ بەتانی و ٤٨ هەزار و ٢٧١ کۆنتێنەر ڕەوانەی ئەو ١٠ پارێزگایە کراون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

ئافاد ڕایگەیاند، کارمەندان و کەرەستەی فریاگوزاری و فریاگوزاری بە ١٧٠ کۆپتەر و ٧٦ فڕۆکە ڕەوانەی ناوچەکە کراون.

هەروەها ٢٦ کەشتی بۆ ناردنی کارمەندان و ماددی و بۆ چۆڵکردن بۆ هەرێمەکە تەرخانکرابوون.

ھەواڵی زیاتر