لەندەن و پاریس رێککەوتنێک لە دژی کۆچبەران واژۆ دەکەن
بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتنێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران بەرەو بەریتانیا واژۆ دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری نێوخۆی بەریتانیا ئەمڕۆ لە پاریس دەبێت.
رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2022 سوێلا براڤەرمەن، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ جێراڵد دارمانین، هاوتا فەرەنسییەکەی بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، سەردانی پاریس دەکات.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، رێککەوتنەکە خۆی لە زیادکردنی 200 پاسەوانی دەریایی فەرەنسیدا دەبینێتەوە کە ئەرکیان چاودێریکردنی کەناراوەکانی نۆکەندی ئینگلیز لە دیوی فەرەنسا دەبێت. هاوکات، هەر بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر رێگریکردن لە لێشاوی پەنابەران دەیداتە فەرەنسا زیادی دەکات.
میدیای بەریتانی بڕی پارەی چاوەڕوانکراوی پارەی ساڵانە کە بڕیارە بەریتانیا بە فەرەنسا بدات بە 63 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە بۆ ساڵەکانی 2021-2021 بەریتانیا بۆ ئەو مەبەستە، 54.8 ملیۆن یۆرۆی بە فەرەنسا داوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی بەریتانیا 174.8 ملیۆن دۆلاری داوەتە پاریس بۆ ئەوەی پاسەوانیی کەناراوەکانی نۆکەندی ئینگلیز بکات. لەکاتێکدا بەریتانیا خۆی ساڵانە 218.6 ملیۆن دۆلار لە پاراستنی سنوورەکانیدا خەرجدەکات.
بەرپرسانی فەرەنساش دەڵێن، بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە، ژمارەی ئەو پاسەوانانەی کە چاودێریی بەلەمی بچووک دەکەن لە 200 پاسەوانەوە تاوەکو نیوەی ساڵی 2023 دەکرێتە 300 پاسەوان.
ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کە رۆژی یەکشەممە، 13-11-2022 بڵاوکرایەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 40 هەزار و 885 کەس لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا بەرەو بەریتانیا پەڕیونەتەوە.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تەنیا رۆژی شەممە، 972 کۆچبەر لە رێگەی 22 بەلەمی بچووکەوە نۆکەندی ئینگلیزیان بڕیوە.
ئەوە زۆرترین ژمارەیە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت و ئەوەش دەردەخات ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2018 زۆر زیادبووە؛ ئەو ساڵە تەنیا 299 کۆچبەر لە رێگەی بەلەم و بەشێوەیەکی قاچاخ گەیشتبوونە بەریتانیا. بۆ ساڵی 2019 ژمارەکە بۆ هەزار و 843 کەس و بۆ ساڵی 2020ـیش ژمارەکە بۆ هەشت هەزار و 466 کەس بەرزبووەتەوە تاوەکو لە ساڵی 2021 دا گەیشتووەتە 28 هەزار و 536 کەس.
دەیان کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا 27 کەس لە بەلەمێکی قاچاخدا لە تشرینی دووەمی 2021 کە نیوەی زیاتریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون.
رووداو