ڕۆژێک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەک باسیان لە پاکێجێکی نوێی سزاکان کرد کە بەسەر ئەو بەرپرسانەدا دەسەپێندرێت کە بەشدارن لە سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ماوەی دوو مانگە لە ئێران بەردەوامە و ئەڵمانیا بە فەرمی ئەو بابەتەی پشتڕاستکردەوە.
وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، کار بۆ سەپاندنی پاکێجێکی سزا نوێیەکان بەردەوامە.
“سوپای پاسداران”
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر سوپای پاسداران بدات، بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی بەردەوامی خۆپیشاندەران لەو وڵاتەدا.
وەزیری دەرەوە، ئانالینا بیربۆک، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەرلین و یەکێتی بیر لەوە دەکەنەوە کە سوپای پاسداران بخەنە ناو لیستە تیرۆریستییەکانەوە.
جێگای سەرنجە کە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆتایی مانگی ڕابردوو (تشرینی یەکەم) گەمارۆکانی سەر چەند بەرپرسێکی ئێرانی لەوان فەرماندەی “پۆلیسی رەوشتی”یان دا بە هۆی تێوەگلانیان لە سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دروست بوون.
هاوکات دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی پەنایان بۆ شێوازەکانی سەرکوت و توندوتیژی بردووە، جا چ بە بڕینی ئینتەرنێت بێت یان بە بەکارهێنانی چەک بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆ و تەنانەت منداڵانی قوتابخانەش، هەروەها خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 کەس.
شەممەی ڕابردوو، فەرماندەی سوپای پاسداران، حوسێن سەلامی، هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد، ئەگەر بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانەکانی بە ئاژاوەگێڕی وەسفی کرد.