عمران خان: سەرۆکوەزیرانی پاکستان هەوڵی تیرۆرکردنم دەدات
عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، سێ کەسی تۆمەتبارکرد بەوەی رۆژی پێنجشەممە لە میانی گردبوونەوەی لایەنگرانیدا هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە.
عمران خان لەسەر بارهەڵگرێک کە سەرکردایەتی ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی بەرەو ئیسلام ئاباد دەکرد بۆ فشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، شەهباز شەریف، هێرشی کرایە سەر و بریندار بوو.
خان لە بەیاننامەیەکدا لە نەخۆشخانەی لاهور ڕایگەیاند، سێ کەس پیلانی تیرۆرکردنیان داڕشتووە، ئەوانیش شەهباز شەریف سەرۆکوەزیران و ڕانا سەنەوڵا وەزیری ناوخۆ و بەرپرسێکی هەواڵگری بە ناوی مەیجر جەنەڕاڵ فەیسەڵ، بەڵام بەڵگەی بۆ ئەمە نەخستەڕوو.
شەهباز شەریف سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی حزبەکانی کرد کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لە ڕێگەی دەنگدانی پەرلەمانەوە خانیان لە دەسەڵات دوورخستەوە.