پوتین ڕێگە بە زیندانییە سزادراوەکان دەدات بەشداری شەڕەکانی ئۆکراینا بکەن

ڕۆژی هەینی 4-11-2022 ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، فەرمانێکی واژووکرد کە ڕێگەی بە بەشداریکردنی ئەو کەسانە داوە کە سزا دراون و سزاکانیان تەواو نەبووە، بۆ خۆتۆمارکردن لە ڕیزی ئەو خۆبەخشانەی شەڕ دژی ئۆکراینا دەکەن.

ئەم هەنگاوەی پوتین لە کاتێکدایە کە پێشتر روسیا دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی سەربازی زیاتر لە وڵاتەکە، بە مەبەستی زیادکردنی شەڕڤانان لەو شەڕەی لە ئۆکراینای دراوسێی بەڕێوەی دەبات.

ڕاپۆرتەکان باس لە دابەزینی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا لە ئۆکراینا دەکەن بەهۆی “کەمی” شەڕکەر و پێداویستییە سەربازییەکان و مۆسکۆش پشتڕاستی دەکاتەوە.

پێشتر کرێملین ئاشکرای کردبوو، پێویست ناکات ڕوسیا فەرمانی سەرۆکایەتی دەربکات بۆ ئەوەی بە فەرمی کۆکردنەوەی بەشی یەدەگی سەربازەکان بۆ شەڕکردن لە ئۆکراینا ڕابگەیەنێت.

لە 21ی ئەیلولدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆککۆماری روسیا یەکەم بانگهێشتکردنی هێزە یەدەگەکانی وڵاتەکەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ڕاگەیاند.

ڕوسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا ئەو هێزە یەدەگانەی کە ژمارەیان ٣٠٠ هەزار کەس دەبیت، بانگهێشت کردووە.

ھەواڵی زیاتر