لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ناوی ڕۆستەم قاسمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکانی ئێران و هەژماری هەزاران چالاکوانی ئۆپۆزسیۆن، لە ژێر هاشتاگی #ڕوستووم_قاسمی_وەزیر_ڕەح واتە ڕۆستەم قاسمی، وەزیری ڕێگاوبان بڵاو بوویەوە.
هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاو بوونەوەی وێنەی وەزیری ڕێگاوبانی گەشەپێدانی شار لە حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە باوەشی بە کچە هاوڕێیەکیدا کردووە لە مالیزیا.
هەرچەندە ئەم وێنانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر، بەڵام لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکی بێ وێنە ئێرانی گرتووەتە، کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، دوای مردنی کچە گەنجێکی کورد بەناوی ژینا ئەمینی، مەرگی ئەم کچەش پاش ئەوە دێت کە لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران دەستگیرکرا و بە بیانووی لادان لە یاسای جلوبەرگ ئەشکەنجە درا.
بۆ ئەوان حەڵاڵە و بۆ ئێرانیەکان حەرامە!
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەدان ئێرانی ڕەخنە بگرن و بە ” گەندەڵی ئاشکرای بەرپرسان” لە وڵاتەکەدا وەسفیان کردووە”
هەروەها هه ندێکی تر ئەم وێنەیەیان به باشترین بەڵگە زانییوە که پیاوانی دەسەڵاتدار له وڵاتدا خەڵک بێبەش دەکەن لەو شتانەی مافی خۆیانە، به تایبەت که قاسمی یه کێکه له کەسە توندڕەوه کانی بابەتی باڵاپۆشی و، پاڵپشتییەکی زۆری سەرکوتکردنی ناڕەزایەتێکان دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ١٦ی ئەیلوولی ڕابردووەوە ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتدا بەردەوامن، بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە، ئەو کچە گەنجە ٢٢ ساڵە.
٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژران
هەروەها قوتابیانی زانکۆ و قوتابخانەکان بەشداران لەم خۆپیشاندانانەدا، کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن، بۆ داوای ڕێزگرتن لە مافەکانیان، مافی دەربڕینی بۆچوونەکانیان و کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگ و ژیانیان لە لایەن خۆیانەوە نەک دەسەڵاتێکی ئاینی توندڕەو.
ئەم ناڕەزایەتیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە یەکێک لە تەحەدا هەرە گەورەکانی دەسەڵات و پیاوانی ئاینی دێت لە دوای شۆڕشی ساڵی١٩٧٩ دادەنرێت
بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژی وەڵامیی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کوژرانی لانیکەم ٢٥٠ خۆپیشاندەریان پشتڕاستکردۆتەوە، هاوکات هەزاران خۆپیشاندەر لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.