لاڤرۆڤ: سەرکردایەتی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی پوتین هێشتا ئامادەیە بۆ دانوستان لەسەر ئۆکرانیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، سەرکردایەتی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری ڕوسیا، وەک پێشتر ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاندووە: ئامادەیی ڕوسیا بۆ ئەنجامدانی دانوستان (لەبارەی ئۆکرانیا) نەگۆڕاوە.
لاڤرۆڤ راشیگەیاند: ئێمە هەمیشە ئامادە دەبین بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکانی هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانمان کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانە، بۆیە ئەگەر پێشنیاری واقیعی ئاراستەی ئێمە بکرێت، لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر، وەک هەمیشە ئامادەیین.”
پێشتر دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاندبوو، ئامادەیی ئەمریکا بۆ گوێگرتن لە نیگەرانییەکانی فیدراسیۆنی ڕوسیا، دەتوانێت ڕێگە بۆ گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لێدوانەکانی ئاژانسی هەواڵی “سپۆتنیکی” ڕوسیدا، نیگەرانییەکانی ڕوسیا، لەنێویاندا ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاسایشەوە هەیە، “دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێکی گفتوگۆ لەنێوان سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و هاوتا ئەمریکییەکەی جۆ بایدن”.