دوای ئەوەی داتاکانی هاککران و لە ئینتەرنێت بڵاوکرانەوە، ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە 23-10-2022 دانی بەوەدانا کە سێرڤەری ئیمەیڵی کۆمپانیاکە لە وڵاتێکی بیانییەوە هاککراوە و 50 گێگابایت بەڵگەنامەی کۆمپانیای پەرەپێدانی ئەتۆمیی ئێرانیان بڵاو کراوەتەوە.
کەناڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) دوێنێ شەممە 22-10-2022 ڕایگەیاند، گروپی هاککەری بلاک ریوۆرد (پاداشتی ڕەش) داتاکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە.
کەناڵەکە ڕاشیگەیاندووە کە ئەو بەڵگەنامانەی لە لایەن ئەو گرووپەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بریتین لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای ئێرانی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و بیانییەکان و خشتەی کاتەکانی کارگێڕی و کارپێکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەڵگەنامانە پاسپۆرت و مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی پسپۆڕانی ئێرانی و ڕوسین بۆ وێستگەی ئەتۆمی.
گروپی هاککردنی خەڵاتی ڕەش ڕۆژی هەینی هۆشداریدا بە ئێران کە ئەگەر تاران هەموو زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە ئازاد نەکات، ئەوا لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەو داتایانەی بەدەستی هێناوە بڵاوی دەکەنەوە.
لە یەک مانگی رابردوودا دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک هاککراون، لەوانە هاککردنی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە.
هەروەها لەلایەن گرووپی هاککەری ئەنۆنیمەسیشەوە، چەندین جار سیستمە ئەمنییەکان، سیستمی بانکی، سیستمی دارایی حکومەت و ماڵپەڕە فەرمییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی و میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش هاککراون.