گۆڤاری فۆربێس بڵاویکردەوە، کە ئیلۆن ماسک بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.
فۆربێس ڕوونیکردەوە، سامانی ماسک نزیکەی 35% دابەزیوە، لە 320.3 ملیار دۆلارەوە لە 4ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بۆ 209.4 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی پشکەکانی تێسلا.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لەم مانگەدا سامانی ماسک بە 28ملیار دۆلار دابەزیوە.
مات مالی، سەرۆکی ستراتیژی بازاڕ لە کۆمپانیای راوێژکاری وەبەرهێنان میلەر تەباک بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە: “ئەو ئۆتۆمبێلی بە نرخێکی بەرز دەفرۆشێت، بۆیە پاشەکشە باش نابێت بۆ کارەکەی”.
فۆربێس دەشڵێت پلانە مشتومڕاوییەکانی ماسک بۆ کڕینی تویتەر و فرۆشتنی پشکەکانی تێسلا بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، وەبەرهێنەرانی خاو کردووەتەوە و پێیان وایە ئیلۆن ماسک بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵە دەکات و پارەی زیادە دەدات.
سەرەرای ئەمەش، هێشتا ئیلۆن ماسک دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندا