هێزە ئەمنییەکانی ئێران کچێکی 15 ساڵان دەکوژن

هەفتەی رابردوو کچێکی تەمەن 15 ساڵانی ئێرانی دوای ئەوەی لە کاتی هەڵکوتانە سەر قوتابخانەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیدرا، گیانی لەدەستدا.

ئەنجوومەنی هەماهەنگی سندیکاکانی مامۆستایان رایگەیاند، ئەسرا پەناهی لە 13ی ئۆکتۆبەردا بەهۆی لێدانەوە گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی ئاساییەوە هێرشیان کردە سەر” ئامادەیی شەهید لە شاری ئەردەبیل”.

سەندیکاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە قوتابییەکان کە دەستیان کردووە بە “وتنەوەی دروشم دژی جیاکاری و نایەکسانی” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای ئەوە یەکێک لە قوتابییەکان بە ناوی ئەسرا پەناهی و ژمارەیەک خوێندکار دەستگیرکران، ئەسرا بەهۆی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و قوتابییەکی دیکەش کەوتووەتە کۆما.

دواتر تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مامی ئەسرا پەناهی کرد و مامی قوتابییەکە وتی: بەهۆی سستبوونی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

کازم موسەوی، نوێنەری پەرلەمانی ئەردەبیل لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی دیدبان ئێراندا رایگەیاندووە، “ئەسرا پەناهی بە قووتدانی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە باوکی ئەسرا پەناهی لە لایەن ئێرانەوە لە سێدارە دراوە و پاش ئەو رووداوەی بەسەر ئەسرا هاتووە، سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن براکەی ئەسراش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە

مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای توندی جلوبەرگی ئێران و کوشتنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە، گەورەترین ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا هێنا.

هاوپەیمانییەک لە گروپەکانی مافی مرۆڤ، لەنێویاندا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان لانیکەم 23 منداڵی خۆپیشاندەریان کوشتوە.

ھەواڵی زیاتر