رۆژی پێنجشەممەی رابردوو نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەڵگەی تەواوی لە بەردەستدایە لەسەر بەكارهێنانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران بۆ بۆردومانكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆكرانیا و ژێرخانی گرنگەکانی وڵاتەکە لە لایەن روسیاوە.
پرایس ڕوونیشی كردەوە كە واشنتۆن بە یاوەری بەریتانیا و فەرەنسا تاوتوێی بابەتەکەی كردووە، جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی درێغی ناكات لە بەكارهێنانی سزا دژی هەموو ئەو كەسانەی دەستیان لەو کارەدا هەیە.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، هێزەكانی ئۆكرانیا لە ماوەی یەك مانگدا 233 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە و ئاماژەی بەوەدا كە سوپای ئۆكراینا كار بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتە دەكات.