پەرلەمانی ئێران رەتیکردەوە کە ژینا ئەمینی بەهۆی لێدانەوە گیانی لەدەستدابێت و رایگەیاند: لە کاتی گواستنەوەی ژینا بۆ بنکەی پۆلیس”لێی نەدراوە.”
پێشتر پەرلەمانی ئێران لیژنەیەکی بە ناوی “ئاشكراکردنی راستییەکان” بۆ لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی پێکهێنا و ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، پەرلەمان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتی پەرلەماندا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارەکانی ئەندامی ئەو لیژنەیە زۆریان هەوڵداوە لەگەڵ خێزانی ژینا ئەمینی کۆببنەوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە.
پزیشکی دادی تارانی رۆژی 7-10-2022 رایگەیاند: ژینا ئەمینی لێی نەدراوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی گەڕاندەوە بۆ “نەشتەرگەری و نەخۆشییەک کە لە سەردەمی منداڵیی لە مێشکیدا هەیبووە.”
لە بەرامبەریشدا کەسوکار و پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی ئەنجامی راپۆرتەکەی رەتدەکەنەوە و رایانگەیاندووە، “بۆچوونی هیچ کەسیان قبوڵ نییە، تاوەکو ئەو کاتەی پزیشکی جێی متمانەی خۆیان رازی نەبێت.”
ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تارانی پایتەخت گیانی لەدەستدا.