ئاژانسی هەواڵی فەرمی (SPA) ئەمڕۆ شەممە 15-10-2022 بڵاویکردەوە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە 400 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.
ئەمە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان شازادەی جێنشین و ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا هات لە ڕۆژی هەینیدا کە شازادەی جێنشین جەختی لەسەر “هەڵوێستی شانشینەکەی کردەوە لە پشتگیریکردن و بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری.”
زێلێنسکی لە تویتێکدا سوپاسی شازادەی جێنشینی کرد بۆ دەنگدانی ڕیاز لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیدانەکردنی لکاندنی ناوچەکانی ئۆکراینا بە روسیاوە.
شازادەی جێنشین جەختی لەوە کردەوە کە دەنگدانی شانشینی بۆ بڕیارنامەکە لە پابەندبوونی بە بنەما قووڵەکانی ناو میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها پابەندبوونی بە ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەت و بنەماکانی، هەروەها چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرکردە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کاربکەن بۆ ئازادکردنی دیلەکانی جەنگی ئۆکرانیا کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستبەسەرکراون.
شازادەی جێنشینی سعوودیە لە مانگی رابردوودا رۆڵی سەرەکی گێڕا لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا کە سەرکەوتووانە بووە هۆی ئازادکردنی 10 دیلی جەنگ کە دوو کەسیان ئەمریکی بوون.