نزیکەی شەش هەزار کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستگیرکراون

لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە مانگی رابردوو دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەری پۆلیسدا سەریهەڵدا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران 224 کەسیان کوشتووە.

ئاژانسی هەواڵی مافی مرۆڤ (HRANA) کە سایتێکی هەواڵییە و لە لایەن دەستەیەک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت رایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان 224 کەسیان کوشتووە و 29 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.

بەپێی ئامارەکانی HRANA تا ئێستا 24 کەس لە نێو هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.

ئەو گرووپە مافخوازە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون بە نزیکەی شەش هەزار کەس مەزەندە دەکات.

بەپێی راپۆرتەكە، لە 112 شاری سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی، کە کچێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵان بوو، لە دەستبەسەری پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.

ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی پەرەی سەندووە و لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، کە خۆپیشاندەران داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن.

ھەواڵی زیاتر