سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت: بۆ هەمووان ئاشکرایە کە مردنی کچێک بە تەواوی بیانوویەک بووە.
غولامحوسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری ئێران کرد کە ڕۆژی هەینی بلاوکرایەوە کە ژینا ئەمینی بەهۆی لە کارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەیەوە گیانی لەدەستداوە.
باوكی ژینا ئەمینی، چەند كاتژمێرێك دوای دەرچوونی ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە و رایگەیاند، شوێنەواری خوێن لەسەر پشتی مل و گوێی كچەكەی هەبووە و کجەکەی ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە.
موحسینی دووپاتی لە قسهكانی سهرهتای ئهم مانگهی عهلی خامنهیی، ڕێبهری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە، کە ئهمریكا و ئیسرائیل و “ههندێك وڵاتی ئهوروپا”ی به دهستوهردان له نائارامییه بهردهوامهكانی ئێران تۆمهتبار كرد.
ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت لە سەرانسەری ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا سەری هەڵدا، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کە کچێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵان بوو، لەکاتی دەستبەسەرکردنی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی تارانەوە گیانی لە دەست دا.
چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەڵێن: ئەمینی لەکاتی دەستبەسەرکردندا لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە لێی دراوە و ئەمەش بووەتە هۆی مردنی و پۆلیسی تارانیش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
لە دوای مردنی ئەمینیەوە، خۆپیشاندانەکان بە خێرایی پەرەی سەندووە خۆپیشاندەران لەدژی خامنەیی دروشم دەڵێنەوە و داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن.