ژاپۆن سزای زیاتری بۆ سەر ڕوسیا ڕاگەیاند

بەهۆی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا بە روسیاوە، ژاپۆن ڕۆژی هەینی 7-10- 2022سزای زیاتری بۆ سەر ڕوسیا ڕاگەیاند.

یۆشیماسا هایاشی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “بڕیارێک دراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بلۆککردنی سەروەت و سامانی روسیا و لایەنە پەیوەندیدارە ناوچەییەکان کە راستەوخۆ بەشدارن لە لکاندنی هەندێک ناوچە لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا بە رووسیاوە”. .”

حەیاشی وتی: “ژاپۆن ناتوانێت چاوپۆشی لە هەوڵی تاکلایەنە بکات بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا بە هێز و گرتنەبەری کردەوەی تەواو لەسەر بنەمای دوو ستوونی سەپاندنی سزای توند بەسەر ڕوسیا و پشتگیریکردنی ئۆکرانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێویاندا وڵاتانی جی حەوت.”

ئەم هەنگاوەی ژاپۆن بۆ بلۆککردنی سەروەت و سامانی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە ڕووسیا چوار ناوچەی ئۆکرانیای دەستبەسەرداگرت کە (دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژژیا و خێرسۆن)_ن، پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم ناوچانەدا کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کرا.

دوایین سزاکانی تۆکیۆ، قەدەغەکردنی هەناردەکردنی ئامێرە تەکنەلۆژییە بەرزەکانە بۆ ڕووسیا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا.

ژاپۆن لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی بەشداری لە سزادانی مۆسکۆ کردووە. بە سەدان بەرپرسی روسیا لەوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا و دەیان کۆمپانیا و رێکخراو لە لایەن ژاپۆنەوە سزا دراون.

لە بەرامبەردا روسیا سزای 63 بەرپرسی باڵای ژاپۆنی دا، لەنێویاندا فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن.

لە ئێستادا ڕووسیا زۆرترین سزای لەسەرە لە جیهاندا لە دوای شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 24ی شوبات تا 2ی تشرینی یەکەم، ئۆکرانیا 15 هەزار و 246 قوربانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، کە 6 هەزار و 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و 9 هەزار و 132 کەسیش برینداربوون.

ھەواڵی زیاتر