سانا مارین، سەرۆک وەزیرانی فینلەندا، پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆیەك کە تێیدا لە ئاهەنگێك لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی سەما دەکات و مەی دەخواتەوە، رووبەڕووی رەخنەی توندی کۆمەڵگە و بەشێك لە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بوویەوە.
سەرۆک وەزیران دانی بەوەداناوە، بەشداری ئاهنگەکەکەی کردووە و سەمای کردووە، بەڵام پێیوابووە ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لەلایەن هاوڕێکانییەوە دەگیرێن و بڵاوناکرێنەوە. هەروەها راشیگەیاند، زۆر “نیگەرانە” لە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتانە.
هەر لەو ڤیدیۆیەدا، چەند کەسێک لەکاتی سەماکردن هاوار دەکەن و باسی “کۆکاین” دەکەن.
سەرۆک وەزیران گووتیشی، “لەو ئاهەنگەدا هیچ کارێکی نایاساییم نەکردووە”.
لە وەڵامدا، پەرلەمانتارێکی فینلەندا داوای لە سەرۆکوەزیران کرد، پشکنینی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بکات و دەرئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.
کۆمەڵێك لەو باوەڕەدان، پارچە ڤیدیۆکە دەبێتە هۆی زیاتر بەناوبانگبوونی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدا هەندێك لە کاردانەوەکان رەخنەی تووند لە مارین دەگرن و ئەو کارەی بە “نابەرپرسیارانە” ناودەبەن.
پارساڵ، سەرۆک وەزیران دووبارە کەوتەوە بەر رەخنەی تووند کاتێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە دەرەوە بینران لەکاتی رێکارە تووندەکانی کۆرۆنا لەو وڵاتە.
k24