بەیاننامەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
دەقى بەیاننامەکە:
بەغدا، ٣ی ئابی ٢٠٢٢- لە چەند مانگ و چەند هەفتەی ڕابردوودا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) بەردەوام داوای دیالۆگی کردووە وەك کاریگەرترین ڕێگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی درێژخایەن.
دیالۆگی مانادار لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان ئێستا لە جاران بەپەلەترە، چونکە ڕووداوەکانی ئەم دواییە مەترسی خێرای پەرەسەندنی لەم کەشوهەوای سیاسییە ئاڵۆزەدا نیشانداوە. لە کاتێکدا حیزبەکان جەخت لەسەر گرنگیی بنەما دیموکراسییەکانی وەك پابەندبوون بە دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەنەوە، بەڵام ئەمانە تادێت ڕەچاو ناکرێت. شکستهێنانیان لە پێشکەوتنیان کاریگەری نەرێنی ڕوونی لەسەر متمانەی گشتی هەبووە.
هیچ حیزب و گروپێك ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکات کە قەیرانەکە ئەوانی تێدا نییە و کاریگەرییان لەسەر نییە. پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر لە ڕێگەی دیالۆگێکی گشتگیرەوە ڕوونە. لە نەبوونی دیالۆگدا، دەوڵەتی عێراق بەردەوام لەژێر کاریگەریی زاڵبوونی بەرژەوەندییە کێبڕکێکارەکان دەمێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر، خەڵك باجەکەی دەدەن. سیناریۆیەکی لەو جۆرە بەرگە ناگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا، یونامی پێشوازی لە بانگەوازەکانی ئەم دواییە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دەکات و دەستخۆشی لە دەربڕینەکانی پشتیوانی لە هەموو لایەنە سیاسی دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە بەبێ دواکەوتن پابەندبن و چالاکانە بەشداری بکەن و لەسەر چارەسەرەکان ڕێکبکەون.
جگە لەوەش، لە ئێستا گۆڕینی وشە بۆ کردەوە زۆر گرنگە. عێراق ناتوانێت دیالۆگێکی دیکەی نیشتمانی بەخۆڕایی بڕوات. عێراقییەکان پێویستیان بە بەردەوامی ململانێی دەسەڵات و ڕووبەڕووبوونەوە نییە. ئەوان پێویستیان بە چارەسەر و پابەندبوونە بە جێبەجێکردنیان، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە قەیرانی سیاسی دەربهێنن.
عێراق ڕووبەڕووی لیستێکی بەرفراوانی پرسە ناوخۆییە هەڵپەسێردراوەکان بووەتەوە: زۆر پێویستی بە چاکسازی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە کاریگەرەکان و هەروەها بودجەیەکی فیدراڵی هەیە – کە ئەمانە بەشێکن لە کێشەکان. لێرەوە کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەندیدارە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کار بکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردن.