رووسیا و ئۆکراینا لەسەر بابەتێک رێککەوتن

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە ئەنتاڵیای تورکیا کۆتاییهات، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاگربەستەوە نەکردووە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، بەڵام رێککەوتوون لەگەڵ رووسیا کار لەسەر پرسی هاوکاریی مرۆیی بکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنتاڵیا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، لەگەڵ رووسیا رێککەوتوون کە بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی هاوکاریی مرۆیی لە ئۆکراینا.

وەزیرەکەی ئۆکراینا ئامادەیی خۆیی دەربڕی کە دووبارە لەگەڵ لایەنی رووسی کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆی جیددی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و چارەسەری دۆخەکە بکرێت.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رەتی ناکاتەوە کە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە، بەڵام هەندێک ئامادەکاری هەن کە دەبێت تەواوبکرێن، داواکاریی زێلنسکیش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین بە “خۆدەرخستن” ناودەبات.

کولێبا ئاماژەی بەوە کرد، “ئامادەم بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراینا، وەستاندنی ئێش و ئازاری ئۆکراینییەکان و ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەمان لەدەست هێزی داگیرکاری رووسی”.

ھەواڵی زیاتر